ڕێبــه‌ری نه‌خـــۆشی شـــه‌کره‌

 ------------------------------------------------------------------------------

 نه‌خۆشی شه‌کره‌ جۆری دوو

جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌، ناسراوه‌ به‌ جۆری مرۆڤی پێگه‌یشتوو "بالغ" یاخود جۆری ناپابه‌ند له‌سه‌ر ئه‌نسۆلین. نه‌خۆشیه‌کی درێژخایه‌نه‌، کار ده‌کات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌کاربردنی شه‌کره‌ له‌خوێن. جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی جۆری یه‌ک، ده‌تواندرێت خۆبپارێزرێت لێی، به‌ڵام نه‌خۆشیه‌که‌ له‌ ئاستی جیهانی له‌ زیاد بوون دایه‌ به‌تایبه‌تی له‌و کۆمه‌ڵگانه‌ی که‌ قه‌ڵه‌وی باوه‌.

له‌ جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌، خانه‌کانی له‌ش هه‌ستیاریان که‌م ده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌نسۆلین یاخود له‌ش بڕێكی که‌م له‌ ئه‌نسۆلین دروست ده‌کات. ئه‌نسۆلین ئه‌و هۆڕمۆنه‌یه‌ که‌ ئاستی شه‌کره‌ له‌ خوێن کۆنتڕۆڵ ده‌کات.

چاره‌سه‌ری ته‌واو و یه‌کجاره‌کی نیه‌ بۆ جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌، به‌ڵام ڕێگای جۆراو جۆر هه‌یه‌ بۆ کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن.

 

نیشانه‌کانی؛

تێنوبوونێکی زۆر سه‌خت یاخود میزکردنێکی ئێجگار زۆر؛ زۆر تێنوو بوون یاخود زۆر میز کردن نیشانه‌ کلاسیکه‌کانی نه‌خۆشی شه‌کره‌یه‌.

هه‌ست کردن به‌ ماندوویی و شه‌که‌تی

دابه‌زینی کێش

ڕه‌شکه‌و پێشکه‌یی له‌ بینین

ساڕێژ بوونی برین به‌ دره‌نگی، یاخود زۆر نه‌خۆش که‌وتن "بۆ نموونه‌ هه‌ڵامه‌ت و هه‌وکردن"

 

هۆکاری دروست بوون؛

له‌ جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌، شه‌کره‌ له‌ ناو لووله‌کانی خوێن کۆ ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی هه‌ستیاری  خانه‌کانی له‌ش بۆ هۆڕمۆنی ئه‌نسلۆلین یاخود که‌می له‌ دروست کردنی هۆڕمۆنی ئه‌نسۆلین. هۆکاری ئه‌مه‌ تاکو ئێستا ڕوون نیه‌، به‌ڵام زۆری چه‌وری "قه‌ڵه‌وی" و ناچاڵاکی "نه‌جوولان" دوو هۆکاری سه‌ره‌کی و تاوانباران له‌ ڕوودانی جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌.

 

هۆکاری مه‌ترسیدا؛

زیادی کێش؛

نه‌جوولان؛

مێژووی خێزانی؛ ئه‌گه‌ر باوان یاخود خوشک و برا نه‌خۆشی شه‌کره‌ی جۆری دوویان هه‌بوو.

نه‌ژاد؛ ڕه‌شپێست و ئه‌مریکی هیندی و ئه‌مریکی ئاسیایی زۆر له‌بارن بۆ تووشبوون.

ته‌مه‌ن؛ له‌گه‌ڵ زیاد بوونی ته‌مه‌ن مه‌ترسی ڕوودان زیاد ده‌بێت.

نه‌خۆشی شه‌کره‌ی دووگیانی؛ ئه‌گه‌ر تۆ له‌ کاتی دووگیانی تووشی نه‌خۆشی شه‌کره‌ بیت، مه‌ترسی تووشبوونت دوای دووگیانی زیاد ده‌بێت.

 

ئاڵۆزیه‌کانی؛

جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌کره‌ له‌وانه‌یه‌ کار بکاته‌ سه‌ر زۆرێک له‌ ئه‌ندامه‌ گه‌وره‌کانی له‌ش، وه‌ک دڵ و ده‌مار و لووله‌کانی خوێن و چاو و گورچیلکه‌کان. پاراستنی ئاستی شه‌کره‌ له‌ خوێن بۆ ئاستێکی ئاسایی، زۆربه‌ی جاره‌کان له‌ ئاڵۆزیه‌کان دوور ده‌خات. ئاڵۆزیه‌کان بریتین له‌ دوو کۆمه‌ڵه‌، کاتی و درێژ خایه‌ن.

ئاڵۆزیه‌ کاتیه‌کان؛

به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی شه‌کره‌ له‌ خوێن؛ به‌هۆی چاودێری نه‌کردن و که‌م ته‌رخه‌می.

که‌م بوونه‌وه‌ی ئاستی شه‌کره‌ له‌ خوێن؛ هه‌ندێک جار که‌سی نه‌خۆش پارێزیه‌کی زۆر تووند ده‌کات یاخود چه‌ندین ده‌رزی ئه‌نسۆلین له‌خۆی ده‌دات یاخود دوای وه‌رزشێکی تونده‌ و سه‌خت، له‌م بارانه‌دا که‌سه‌که‌ تووشی دابه‌زینی سه‌ختی ئاستی شه‌کره‌ی خوێن ده‌بێت. پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێک و پێک و به‌رده‌وام ئاستی شه‌کره‌ بپشکندرێت. نیشانه‌کانی که‌م دابه‌زینی ئاستی شه‌کره‌ی خوێن بریتین له‌؛ ئاره‌قه‌کردن، له‌رزین، بێ هێزی، برسیه‌تی، گێژبوون، هێلنج هاتن، تێکچوون و نارێکی له‌ قسه‌کردن، سه‌رسووڕان.

ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ستت به‌ نیشانه‌کانی که‌م بوونه‌وه‌ی ئاستی شه‌کره‌ی خوێنت کرد، شتێک بخۆ یاخود بخۆوه‌ که‌ ئاستی شه‌کره‌ی خوێن به‌ خێرایی زیاد ده‌کات، وه‌ک شه‌ربه‌تی میوه‌، کێکێکی شیرین.

ئاڵۆزیه‌ درێژخایه‌نه‌کان؛

نه‌خۆشیه‌کانی دڵ و لووله‌کانی خوێن؛

تێکدانی ده‌مار؛

تێکدانی گورچیلکه‌کان؛

تێکدانی چاوه‌کان؛

تێکدانی پێست و ناو ده‌م؛

صه‌وه‌فان؛

 

خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌ی جۆری دوو؛

خۆراکی ته‌ندروست بخۆ؛ ئه‌و خۆراکانه‌ هه‌ڵبژێره‌ که‌ ڕێژی چه‌وری و کالۆریان که‌مه‌. زیاتر میوه‌ و سه‌وزه‌ و دانه‌وێله‌ی ته‌واو بخۆ.

زیاتر وه‌رزش بکه‌؛ ڕۆژانه‌ 30 خوله‌ک به‌ ڕێکی و به‌رده‌وامی.هه‌ر چ جۆره‌ وه‌رزشێک بێت، هه‌روه‌ڵه‌، پایسکل لێخوڕین، مه‌له‌ کردن..

کێشی زیاد دابه‌زێنه‌؛ ئه‌گه‌ر تۆ کێشت زیاده‌ پێویسته‌ کێشی زیاد دابه‌زێنی.
 

پزیشک بۆ هه‌موان www.pzishk.com  مافی له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ 2009©

Make a Free Website with Yola.