بگه‌ڕێ له‌ سایتی پزیشک بۆ هه‌موان

          

سووتان

بۆ جیاکردنه‌وه‌ی سووتانی بچووک له‌ سووتانی ترسناک، یه‌که‌مین قۆناغ بریتیه‌ له‌ دیاری کردنی پله‌ی سووتان و فراونیه‌که‌ی. سووتان سێ پله‌ی هه‌یه‌؛

بله‌ی یه‌که‌م/ مه‌ترسیه‌که‌ی له‌ هه‌موویان که‌متره‌. ئه‌و جۆره‌ سووتانانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که ته‌نها‌ چینی ده‌ره‌وه‌ی پێست ده‌سوتێت. پێست به‌زۆری سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، هه‌ڵده‌ئاوسێت، هه‌نێک جار ئازاری ده‌بێت. پله‌ی یه‌که‌می سووتان به‌ سووتانی بچووک داده‌ندرێت ته‌نها ئه‌گه‌ر به‌شێکی گه‌وره‌ی گرته‌وه‌ له‌ ده‌سته‌کان، پێیه‌کان، ده‌م و چاو، ناوچه‌ی دوروبه‌ری کۆئه‌ندامی زاوزێ و کۆم، یاخود جومگه‌ گه‌وره‌کانی له‌ش.

پله‌ی دوو/ کاتێک چینی یه‌که‌می پێست سووتا، هه‌روه‌ها چینی دوومیش سووتا، ئه‌و کاته‌ به‌ پله‌ دوو داده‌ندرێت. له‌م جۆره‌دا پفکه‌ دروست ده‌بێت و پێست زۆر سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، هه‌ڵئاوسانێکی زۆر هه‌روه‌ها ئازارێکی زۆریشی له‌گه‌ڵ داده‌بێت. ئه‌گه‌ر پله‌ی دووی سووتان له‌ 7.5 سم که‌متر بوو ئه‌وا وه‌ک سووتانی بچووک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر گه‌وره‌تر بوو یاخود ئه‌م ناوچانه‌ی گرته‌وه‌ (ده‌سته‌کان، پێیه‌کان، ده‌م و چاو، ناوچه‌ی دوری کۆم و ئه‌ندامی زاوزێ یاخود جومگه‌ گه‌وره‌کانی له‌ش) ئه‌وا کت و پڕ چاره‌سه‌ری پزیشکی پێویسته‌.

 

بۆ سووتانی بچووک "فریاگوزاری یه‌که‌می" (پله‌ی یه‌ک و پله‌ی دووی ڕووبه‌ر که‌م)؛

جێگه‌ی سووتان سارد بکه‌وه‌؛ ئه‌و جێگایه‌ی که‌ سووتاوه‌ بخه‌ره‌ ژێر ئاوێکی ساری ڕۆیشتوو بۆ ماوه‌ی 5 خوله‌ک به‌ لایه‌نی که‌م یاخود تاکو ئازاره‌که‌ نامێنێت. دروست نیه‌ جێگه‌ی سووتاو نووقووم بکه‌یت له‌ ناو ئاوێکی سارد یاخود به‌فر له‌سه‌ر دابنێت. سارد کردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی که‌م کردنه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسان.

جێگه‌ی سووتان دابپۆشه‌ به‌ پارچه‌ گۆزێکی "له‌فاف" پاگژ –معقم؛ په‌مۆ به‌کار مه‌هێنه‌، گۆزه‌که‌ به‌ شلی له‌ ده‌وری جێگه‌ی سووتانه‌ک لوولبده‌، په‌ستان نه‌خه‌یته‌ سه‌ری. به‌م شێویه‌ ئازار و دروست بوونی پفکه‌ که‌م ده‌کاته‌وه‌.

دژه‌ ئازاێک بخۆ "مسکن"؛ وه‌ک ئه‌سپرین "ئه‌گه‌ر قرحةت نیه‌"، یاخود ئیبۆپڕۆفین.. نه‌که‌ی ئه‌سپرین بده‌ی به‌ منداڵ و هه‌رزه‌کار.

به‌ گشتی سووتانی بچووک چی تری پێویست نیه‌، خۆی چاک ده‌بێته‌وه‌. له‌وانه‌ی جیگه‌ی سووتانه‌که‌ دوای چاک بوونه‌وه‌ ڕه‌نگ وه‌ربگری. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئاگاداری نیشانه‌کانی تووش بوون به‌ به‌کتریا بیت وه‌ک زیاد بوونی ئازار و سووربوونه‌وه‌ و تا و هه‌ڵئاوسان. ئه‌گه‌ر تووشبوون به‌ به‌کتریا ڕووی دا پێویستت به‌ یارمه‌تی پزیشکی هه‌یه‌ بۆیه‌ ڕاوێژی پزیشک بکه‌. ئاگاداری جێگه‌ی سووتان به‌، بیپارێزه‌ له‌ دووباره‌ برینداربوون یاخود به‌رکه‌وتن چونکه‌ ئه‌گه‌ری ڕه‌نگداربوون به‌ سه‌ختی زیاتر ده‌بێت.

 

هۆشیاری؛

نه‌که‌ی به‌فر بکاربهێنی له‌ سارد کردنه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی زیادتر تێکدانی پێست.

جێگه‌ی سووتان چه‌ورنه‌که‌ی یاخود مه‌لحه‌م به‌کارنه‌هێنی به‌بێ ڕاوێژی پزیشک.

ئه‌گه‌ر پفکه‌ دروست بوو، مه‌یان ته‌قێنه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ به‌کتریا زیاد ده‌بێت.

 

پله‌ی سێ/ له‌ هه‌موو جۆره‌کانی سووتان مه‌ترسیدارتره‌. زۆربه‌یان بێ ئازاره‌، هه‌موو چینه‌کانی پێست ده‌گرێته‌وه هه‌روه‌ها شانه‌کانی تریش ده‌گرێته‌وه‌ وه‌ک ماوسلکه‌ و ئێسک..هتد. جێگه‌ی سووتان له‌وانه‌یه‌ ڕه‌ش هه‌ڵبگه‌ڕێت یاخود وشک و سپی. که‌سی قوربانی به‌ گران هه‌ناسه‌ ده‌دات. ئه‌م جۆره‌ سووتانه‌ به‌ سووتانی سه‌خت داده‌نرێت.

 

بۆ سووتانی سه‌خت؛ ده‌ست به‌جێ ته‌له‌فۆن بکه‌ بۆ فریاکه‌وتنی پزیشکی، تاکو فریاکه‌وتنی پزیشکی ده‌گاته‌ جێگا ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌ ڕه‌چاو بکه‌؛

جلی سووتاو لا مه‌به‌ له‌سه‌ر له‌شی که‌سه‌که‌؛ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دڵنیا به‌ که‌ که‌سی قوربانی دووره‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی سووتان یاخود گه‌رمی.

برینی سه‌ختی گه‌وره‌ نووقم مه‌که‌ له‌ناو ئاوی سارد.

سه‌یری که‌سه‌که‌ بکه‌ بزانه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دات؛ ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌ نه‌بوو، ده‌ست به‌جێ کرداری بووژاندنه‌وه‌ی دڵ و سیه‌کان – ب د س بکه‌.

جێگه‌ی سووتاو به‌رزبکه‌وه‌ بۆ ئاستی دڵ ئه‌گه‌ر کرا.

جێگه‌ی سووتاو دابپۆشه‌ به‌ په‌ڕۆکێكی ته‌ڕی ساری  پاگژ.

     

      

ڕێبه‌ری ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی کوردستان

پزیشک بۆ هه‌موان www.pzishk.com  مافی له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ 2009©

Make a Free Website with Yola.