گه‌ڕان له‌ پزیشک له‌ نێت
به‌ ئه‌لف و بێ ی عه‌ره‌بی بنووسه‌

          

ته‌نگه‌نه‌فه‌سی یاخود هه‌ناسه‌سواری یاخود ڕه‌بوو

نه‌خۆشی ڕه‌بوو کاتێک ڕووده‌دات که‌ بۆڕیچکه‌کانی هه‌ناسه‌ له‌ناو سیه‌کان تووشی هه‌وکردن ده‌بن و ته‌سک ده‌بنه‌وه‌. ماسوله‌که‌کانی دیواری بۆڕیچکه‌کانی هه‌ناسه‌ توند ده‌بن، به‌مه‌ش ڕێڕه‌وی هه‌ناسه‌ لینجه‌ مادده‌ی زیاتر ده‌رده‌دات که‌ ده‌بێته‌ هۆی گیرانی ڕێڕه‌وه‌که‌

 نیشانه‌کانی نه‌خۆشی ڕه‌بوو خۆیان ده‌گرنه‌وه‌ له‌نێوان نوزه‌نوزێکی که‌م بۆ ته‌نگه‌نه‌فه‌سیه‌کی سه‌خت.

نه‌خۆشی ڕه‌بوو چاره‌ناکرێت، به‌ڵام ده‌تواندرێت نیشانه‌کانی کۆنتڕۆڵ بکرێت ئه‌ویش به‌ خۆدورخستن له‌و هۆکارانه‌ی که‌ دبنه‌ هۆی وروژاندنی نۆبه‌ی هه‌ناسه‌سواری و ده‌رمان. له‌وانه‌یه‌ تۆ پێویست بکات به‌درێژایی ژیانت ده‌رمانی کۆنتڕۆڵ کردنی نه‌خۆسی ڕه‌بوو وه‌ربگریت بۆ ڕێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌کردنی هه‌ناسه‌سواریه‌که‌ت. ڕه‌بوو ئه‌گه‌ر کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی تێکدانی ژیانی ڕۆژانه‌، له‌وانه‌ له‌ ئیش و کارت داتببڕێنی یاخود له‌ قوتابخانه‌..هتد.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌بوو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کات گۆڕانکاری به‌سه‌ردادێت بۆیه‌ پێویسته‌ زوو زوو سه‌ردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ چاودێری کردن (ده‌ستکاری کردنی ده‌رمان ئه‌گه‌ر پێویستی کرد).

 

نیشانه‌کانی؛

نیشانه‌کانی ڕه‌بوو له‌وانه‌یه‌ بچووک بێت یاخود توند بێت، له‌ که‌سێک بۆ یه‌کێکی تر ده‌گۆڕێت. تۆ له‌وانه‌یه‌ نیشانه‌یه‌کی که‌مت هه‌بێت وه‌ک ته‌نها نووزه‌نوزی سینگ له‌کاتی نۆبه‌ی ڕه‌بووی، له‌نێوان نۆبه‌کان له‌وانه‌یه‌ تۆ هه‌ست به‌ هیج کێشه‌یه‌کی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی نه‌که‌ی. یاخود له‌وانه‌یه‌ تۆ نیشانه‌کانی کۆخه‌ و نوزه‌نوزی سینگت هه‌بێت به‌ هه‌موو کاتێک، یاخود نیشانه‌کانت هه‌بێت به‌تایبه‌تی له‌ کاتی شه‌و و یاخود ته‌نها له‌کاتی وه‌رزش و ماندووبوون.

به‌گشتی نیشانه‌کان بریتین له‌؛

هه‌ناسه‌سواری

توندبوون و گرانبوونی سینگ یاخود ئازار له‌ سینگ.

کێشه‌ له‌کاتی نووستن.

نۆره‌کانی کۆخه‌و و نووزه‌نووزی سینگ خراپتر ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌وکردنی ڤایرۆسی ڕێڕه‌وی هه‌ناسه‌ وه‌ک هه‌ڵامه‌ت.

 

 

هۆیه‌کانی؛

تاکو ئێستا ڕوون نیه‌ که‌بۆچی هه‌ندێك له‌ خه‌ڵکی تووشی ڕه‌بوو ده‌بن به‌ڵام هه‌ندێکی تر تووشنابن، به‌ڵام به‌زۆری هۆی دروستبوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆکاری ژینگه‌یی و هۆکاری بۆماوه‌یی.

هۆکاری ورژاندنی ڕه‌بوو له‌ که‌سێک بۆ یه‌کێکی تر جیاوازه‌، به‌ڵام به‌گشتی بریتین له‌؛

تۆز و خۆڵ و پیسایی ناو هه‌وا.

هه‌وکردنی ڕێڕه‌وی هه‌ناسه‌ وه‌ک هه‌ڵامه‌ت.

ماندووبوون و وه‌رزشکردن.

هه‌وای سارد.

دووکه‌ڵی جگه‌ره‌.

هه‌ندێک جۆری ده‌رمان.

بارێکی سۆزداری زۆر به‌هێز یاخود په‌ستانی ده‌رونی.

هه‌ندێک جۆری خۆراک.

هه‌ڵچوونی ناوه‌ڕۆکی ناو گه‌ده‌ بۆ بۆڕی سورێنچک (مانای هێڵنج هاتنه‌وه‌).

سووڕی مانگانه‌ له‌ ئافره‌تان.

 

هۆکاری مه‌ترسیدار بۆ تووشبوون؛

نه‌خۆشی ڕه‌بوو زۆر به‌ربڵاوه‌، چه‌ندان ملیۆن که‌س له‌ جیهان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست ئه‌م نه‌خۆشیه‌وه‌، وه‌ ساڵانه‌ له‌ زیاد بوون دایه. زۆرێک له‌ هۆکاری هه‌ن چانسی تووشبوون به‌ ڕه‌بوو زیاد ده‌که‌ن وه‌ک؛

مێژووی خێزانی نه‌خۆشیه‌که‌ "یه‌کێک له‌ئه‌ندامانی خێزان نه‌خۆشیه‌که‌ی هه‌بێت".

زۆر تووشبوون به‌ هه‌وکردنی ڕێڕه‌وی هه‌ناسه‌.

هه‌ڵمژینی دووکه‌ڵی جگه‌ره‌.

ژیان له‌ ناوچه‌ی شارستانی، به‌تایبه‌ی ئه‌و جێگایانه‌ی که‌ پیسبوونی هه‌وای زۆره‌.

قه‌ڵه‌وی.

له‌دایک بوون به‌ کێشی که‌م.

 

که‌ی سه‌ردانی پزیشک بکرێت؟

سێ بار هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ وات لێبکات بچیت بۆ ڕاوێژی پزیشکی؛

یه‌که‌م/ ئه‌گه‌ر تۆ وابیرده‌که‌یه‌وه‌ که‌ نه‌خۆشی ڕه‌بووت هه‌یه‌؛ ئه‌گه‌ر تۆ کۆخه‌ت هه‌بوو بۆ زیاتر له‌چه‌ند ڕۆژێک، یاخود نیشانه‌کانی نه‌خۆشی ڕيبووت هه‌بوو ئه‌وا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشک بکه‌یت.

دووه‌م/ بۆ چاودێری کردنی نه‌خۆشی ڕه‌بوو دوای ده‌ستنیشانکردن؛ ئه‌گه‌ر ده‌زانی ڕه‌بووت هه‌یه‌ ئه‌وا پێویسته‌ له‌گه‌ڵ پزیشک کاربکه‌یت بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نیشانه‌کانی.

سێیه‌م/ ئه‌گه‌رنیشانه‌کانی نه‌خۆشی ڕيبووه‌که‌ت گران بوون.

 

تێ بی نی/ ئه‌گه‌ر تۆ تووشی نۆبه‌یه‌کی سه‌ختی ڕه‌بوو بوویت، پێویسته‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتن بکه‌یت ده‌م و ده‌ست.

 

 

خۆپاراستن؛

بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی نۆبه‌کانی نه‌خۆشی ڕه‌بووی، لێره‌ چه‌ند خاڵێک ده‌خرێته‌ ڕوو؛

خۆت بپارێزه‌ له‌ هۆکاره‌ ورووژێنه‌ره‌‌کانی نۆبه‌ی ره‌بوویی، وه‌ک تۆز و خۆڵ و دووکه‌ڵ...هتد.

نۆبه‌کان زوو بناسه‌وه‌ و زوو خۆت چاره‌سه‌ربکه‌؛ ئه‌مه‌ش ده‌کرێت به‌چاودێری کردنی هه‌ناسه‌دانت، له‌وانه‌ی هه‌ندێک جار نیشانه‌ی ئاگادارکه‌ره‌وه‌ت تووشببێت وه‌ک کۆخینێکی که‌م یاخود ته‌نگه‌نه‌فه‌سیه‌کی که‌م، له‌م کاتانه‌دا ده‌ست به‌جێ خۆت چارسه‌ر بکه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی که‌ بۆت نووسراوه‌ له‌لایه‌ن پزیشکه‌وه‌، هه‌ره‌وه‌ها ئه‌گه‌ر نه‌توانی ڕێگه‌بگری له‌ نۆبه‌ی توندی ڕبووی ئه‌وا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی بکه‌ بۆ یارمه‌تی پزیشکی.

ده‌رمانه‌کان به‌ته‌واوی وه‌ربگره‌، نه‌که‌ی له‌خۆته‌وه‌ ده‌رمان بگۆڕیت، هه‌رده‌م ڕاوێژی به‌ پزیشک بکه‌

     

      

ڕێبه‌ری ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی کوردستان
© مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ 2009 www.pzishk.com پزیشک بۆ هه‌مووان 
Make a Free Website with Yola.