ناڕێکی لێدانی دڵ
ناڕێکی لێدانی دڵ، زاره‌وه‌یه‌که‌ به‌کاردێت بۆ چه‌ندین باری (حالات) جیاوازی دڵی، که‌ ناڕێکی هه‌یه‌ له‌ چاڵاکی کاره‌بایی دڵ (ئه‌و کاره‌باییه‌ی که‌ ده‌بێته‌ هۆی گرژبوون و خاوبوونه‌وه‌ی ماسولکه‌کانی دڵ). له‌وانه‌یه‌ ڵێدانه‌کانی دڵ زۆر خێرابن، یاخود زۆر له‌سه‌رخۆبن، وه‌هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ لێدانه‌کان ڕێک یاخو ناڕێک بن.
هه‌ندێک له‌ باره‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ زۆر ترسناکن و له‌ونه‌شه‌ ببنه‌ هۆی وه‌ستانی دڵ و مردنێکی له‌ناکاو. هه‌ندێکی تر له‌باره‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ ده‌بنه‌ هۆی به‌ده‌رخستنی چه‌ندین نیشانه‌ وه‌ک هه‌ست کردنێکی نائاسایی به‌ لێدانی دڵ. هه‌ندێکی تریان له‌وانه‌یه‌ هیچ نیشانه‌یه‌کیان نه‌بێت، به‌ڵام هۆکاری مه‌ترسین بۆ ڕوودانی جه‌ڵته‌ی ده‌ماغی.
هه‌نێک له‌ باره‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ، زۆر وردن که‌ ده‌تواندرێت به‌ بارێکی ئاسایی دابندرێت. له‌ ڕاستی دا زۆربه‌ی خه‌ڵک جار و بار هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ن دڵیان زۆر به‌ هێز لێدادات، که‌ جێگه‌ی مه‌رترسی نیه‌.

- نیشانه‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ
- جۆره‌ باوه‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ
- چاره‌سه‌ری



نیشانه‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ
وه‌ک وتمان زاره‌وه‌ی ناڕێکی لێدانی دڵ چه‌ندین جۆر و باری جیاواز ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام باوترین نیشانه‌ بریته‌یه‌ له‌ هه‌ست کردنێکی نائاسایی لێدانی دڵ، ئه‌مه‌ش له‌وانه‌ی زۆرنه‌بێت، له‌ونه‌شه‌ زۆربێت یاخو به‌رده‌وام بێت. هه‌ندێک له‌ جۆره‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ بێ زیانن (ته‌نها بێزارت ده‌که‌ن)، به‌ڵام زۆربه‌یان ڕێگه‌ خۆشکه‌رن بۆ ڕوودانی ده‌رئه‌نجامی خراپ و ترسناک له‌ دڵ.
هه‌ندێک له‌ جۆره‌کانی ناڕێکی بێ نیشانه‌ن وه‌ نابنه‌ هۆی مردن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش هه‌نێکی تریان بێ نیشانه‌ن وه‌ مه‌ترسی خراپیان لێده‌که‌وێته‌وه‌، نموونه‌ بۆ ئه‌م مه‌ترسیانه‌ش بریتن له‌ (مه‌ینی خوێن له‌ناو دڵدا، هه‌روه‌ها بڕێکی که‌م خوێن ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ دڵ به‌هۆی لاوازی دڵ ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ڕوودانی شکستی دڵ یاخو جه‌ڵته‌ی ده‌ماغی و مردنێکی له‌ناکاو زیاد ده‌کات).
ئه‌گه‌ر ناڕێكیه‌که‌ ببێته‌ هۆی زۆر خێرا لێدانی یان زۆر له‌سه‌رخۆ لێدان یاخو بێ هێزی دڵ بۆ ڕه‌وانه‌کردنی خوێن بۆ به‌شه‌کانی له‌ش، ئه‌وا په‌ستانی خوێنی له‌ش داده‌به‌زێت به‌مه‌ش ده‌بیته‌ هۆی گێژ و له‌ هۆش خۆ چوون.
هه‌ندێک له‌ جۆری ناڕێکی ده‌بێته‌ وه‌ستاندی دڵ و مردنێکی له‌ناکاو.

جۆره‌ باوه‌کانی ناڕێکی لێدانی دڵ
ناڕێک لێدانی دڵ پۆلین ده‌کرێ به‌ گوێره‌ی؛
یه‌که‌م: ژماره‌ی لێدانه‌کانی دڵ (ئاسایی، خێرا، له‌سه‌رخۆ).
دووه‌م: چۆنیه‌تی ڕوودانی ناڕێکی (له‌خۆوه‌، له‌رزین، دووباره‌ بوونه‌وه‌).
سێیه‌م: به‌ گوێره‌ی شوێنی ڕوودانی نارێکیه‌یه‌ک (سکۆڵه‌، نێوان سکۆڵه‌ و گوێچکۆ‌ڵه‌، سکۆڵه‌- گوێچکۆڵه‌، گوێچکۆڵه‌).

چاره‌سه‌ری
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناڕێکی لێدانی دڵ چه‌ندین جۆر و باری جیاواز ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری زۆر به‌ وردی ده‌ستنیشان بکرێت بۆ نه‌خۆش له‌لایه‌ن پزیشک.
هه‌نێک جۆری ناڕێکی پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری نیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک. به‌ڵام ئه‌وانی تر پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری کت و پڕ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مردن ڕوونه‌دات. چاره‌سه‌ریه‌کانیش بریتن له‌ چه‌ند وه‌رزشێک یاخو ده‌رمان دژی نارێکی یاخو به‌ هۆی کاره‌با وه‌ هه‌نێک جاریش که‌وی کردن به‌ کاره‌با
© مافی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ 2008 www.pzishk.com پزیشک بۆ هه‌موان 
Make a Free Website with Yola.