بگه‌ڕێ له‌ سایتی پزیشک بۆ هه‌موان

       

    

v      دواین هه‌واڵی ته‌ندروستی

دكتۆر خاڵس: شه‌پۆلێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌نفلۆنزای‌ به‌راز به‌ڕێوه‌یه

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، دكتۆر خاڵس قادر، له‌م دیمانه‌ی ئاوێنه‌دا باس له‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی په‌تای ئه‌نفلۆنزای به‌راز  ده‌كات.

 دووشه‌مه‌.28ی سێپتێمبه‌ر 2009

ئا: په‌روه‌ر خۆشناو، هه‌ولێر

ئاوێنه‌: ده‌كرێت بزانین له‌ئێستادا دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌نفلۆنزای به‌راز له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌چ ئاستێكدایه‌؟
د. خالس: ئه‌م په‌تایه‌ له‌ كوردستان رووه‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌و ژماره‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ گومانی توشبوونیان لێ ده‌كرێت، كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، تاكو ئێستاش 71 حاڵه‌تی توشبوون‌و ته‌نیا شه‌ش حاڵه‌تی مردنیش روویانداوه‌، به‌ڵام یه‌ك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و په‌تایه‌و به‌گوێره‌ی پێشبینی زانایانی په‌تازانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌، به‌گوێره‌ی شه‌پۆل ده‌رده‌كه‌وێت‌و 2-3 شه‌پۆڵ ده‌بێت له‌كات‌و شوێنی جیاوازدا، بۆ نمونه‌ له‌كاتی جیاواز، به‌ڵام له‌ هه‌مان شوێن نابێت، ره‌نگه‌ كه‌ له‌شوێنێك شه‌پۆلیك هه‌ڵده‌كات له‌ شوێنێكی تر كه‌متر بێت یان نه‌بێت‌و دواتر له‌شوێنی تر ده‌ستپێبكات.
له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌ی تائێستا روو ده‌دات، شه‌پۆلی یه‌كه‌م بوو هات دوای ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌یشته‌ عێراق‌و هه‌رێمیشی گرته‌وه‌، ئێستا روو له‌كه‌مبوونه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆلێكی دیكه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌مانگی یه‌ك‌و به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ له‌ناوچه‌ی ئێمه‌دا، زیاتر نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌نفلۆنزا بوونیان ده‌بێت، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین له‌مانگی یه‌كدا شه‌پۆلێكی دیكه‌ی H1N1 سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، نازانین به‌ته‌واویی كاته‌كه‌ی دیاری بكه‌ین، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین له‌مانگی یه‌كدا بێت‌و ژماره‌ی توشبووان به‌رز بكاته‌وه‌.
ئاوێنه‌: ئێستا ده‌نگۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌تای‌ ئه‌نفلۆنزای‌ بزن ده‌كرێت، ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟
 د. خاڵس: ئه‌مه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام تاكو ئێستا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌داوه‌و ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ په‌تا نییه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كرێت، كه‌ شتێكی وه‌ك ئه‌نفلۆنزای به‌راز بێت یان مرۆیی، ئه‌وه‌ی كه‌ روویداوه‌ زیاتر له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ زیاتر نیگه‌رانیی به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی لای خه‌ڵك دروستكردبێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی باسی ده‌كرێت، نه‌خۆشییه‌كی به‌كتریاییه‌و ڤایرۆسیی نییه‌، ئه‌نفلۆنزا كه‌ پێی ده‌وترێت (ئه‌نفلۆنزا)، مه‌به‌ستمان له‌ نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ روویداوه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ پێی ده‌ڵێن (تیوپیڤه‌ر)، له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا 2300 كه‌س توشی بوون‌و له‌نێوانیاندا حاڵه‌تی‌ مردن هه‌یه‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كی كۆن‌و باوه‌و ره‌نگه‌ به‌شێكی زۆری وڵاتانی دونیا ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان له‌ناودا هه‌بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ روویداوه‌ ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرا له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا توشی بوون، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌كتریاییه‌، زیاتر له‌ مه‌ڕو بزن‌و چێل‌و ئه‌و جۆره‌ گیانه‌وه‌رانه‌دا هه‌یه‌و له‌ گیانه‌وه‌ره‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ، به‌ڵام له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ناگوازرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی گرنگه‌، كه‌ باسیش له‌په‌تا ده‌كرێت ده‌بێت له‌ مرۆڤ بۆ مرۆڤ بگوازرێـته‌وه‌، به‌ڵام نیشانه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌نفلۆنزا دروست ده‌كات، واتا هه‌مان تاو كۆكه‌و گه‌روو ئێشان‌و ژانی ماسولكه‌كان‌و هه‌ناسه‌ ته‌نگی‌و ئیلتیهابی سینگ، به‌ڵام مه‌ترسیی زیاتری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌كوشتارگه‌و كێڵگه‌‌و ئه‌وانه‌ی له‌ بواری ڤێته‌رنه‌ری كارده‌كه‌ن. مه‌ترسیی‌ مردنیشی زیاتر بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ پیرن یان نه‌خۆشیی دڵیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ كوردستان نه‌ له‌ئێستاو نه‌ له‌ ساڵانی  پێشووش هیچ حاڵه‌تێكی له‌م شێوه‌یه‌ تۆمار نه‌كراوه‌و پێمانوانییه‌ جێگه‌ی مه‌ترسیش بێت.
ئاوێنه‌: پێتانوایه‌ ئه‌نفلۆنزای به‌راز له‌گه‌ڵ ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ مه‌ترسیی یه‌كگرتنیان هه‌بێت؟
د. خاڵس: خۆی ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزا یه‌كێك له‌مه‌ترسییه‌كانی له‌وه‌دایه‌ كه‌ توانای خۆگۆڕینی زۆر خێرای هه‌یه‌، به‌به‌رده‌وامیش له‌و گۆڕانه‌ به‌رده‌وامه‌، جا یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ده‌زانرا ئه‌و ڤایرۆسه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كات‌و له‌كوێدا ده‌چه‌سپێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ نه‌ده‌زانرا رێژه‌ی كوشنده‌یی چه‌نده‌، پێشبینی ده‌كرا رێژه‌ی كوشنده‌یی له‌وه‌ زیاتر بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ تائێستا ده‌بینرێت رێژه‌ی كوشنده‌یی ڤایرۆسه‌كه‌ زۆر مه‌ترسیدار نییه‌، به‌ڵام مه‌ترسی دیكه‌ كه‌ ئێستا له‌ ئارادایه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای‌ باڵنده‌ یه‌كبگرێت، به‌تایبه‌تی له‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ وه‌ك میسرو ئه‌نده‌نوسیا، چونكه‌ له‌و دوو وڵاته‌ تاكو ئێستا ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆره‌‌و بوونی هه‌یه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌رازیش له‌و دوو وڵاته‌دا بوونی  هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێستا مه‌ترسی له‌وه‌دایه‌ كه‌ مرۆڤ بۆته‌ نێوه‌ندێك‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ تیایدا ئه‌و دوو ڤایرۆسه‌ یه‌كبگرێت، پێشتر زیاتر مه‌ترسی له‌وه‌دا هه‌بوو ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌به‌رازدا رووبدات، چونكه‌ به‌راز له‌هه‌مانكاتدا ده‌توانێت توشی ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده‌و مرۆیی بێت، به‌ڵام ئێستا به‌تایبه‌تی له‌و دوو وڵاته‌ی كه‌ باسمان كرد، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مرۆڤێك له‌ هه‌مانكاتدا توشی هه‌ردوو نه‌خۆشییه‌كه‌ ببێت‌و هه‌ردوو ڤایرۆسه‌كه‌ یه‌كبگرن‌و به‌مه‌ش وه‌چه‌یه‌كی نوێی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ دروست ده‌بێت‌و رێژه‌ی كوشنده‌ییه‌كه‌شی زۆر زیاتر ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌.

 

سه‌رچاوه‌؛ سایتی ئاوێنه‌

    

    

ڕێبه‌ری ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی کوردستان
ببه‌خشه‌
پرسیارکردن
ئه‌لف و بێ ی ته‌ندروستی

پزیشک بۆ هه‌مووان www.pzishk.com  مافی له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ 2009©

Make a Free Website with Yola.