"Hannah Clark" ئه‌مه ناوی کچێکی 16 ساڵانه، کچێکی ئێسک سووک و به زه‌رده‌خه‌نه‌ی شه‌رمنانه‌وه. به‌ڵام "Hannah Clark" هه‌رزه‌کارێکی ئاسایی نیه، هه‌روه‌ها ئه‌و ژیانه ئاساییه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و تێدایه له توانادا نه‌بوو بشێت به‌بێ نه‌شته‌رگه‌ریه‌کی دڵی زۆر سه‌خت. له ساڵی 1994 کاتێکی ئه‌و 8 مانگان بوو، ده‌ستنیاشان کرا بۆ هه‌بوونی نه‌خۆشیه‌کی دڵ، نه‌خۆشیه‌ک که ده‌بێته هۆی تێکدانی توانای کارکردنی ئاسایی دڵ. به‌م جۆره دڵی ئه‌و شکستی ده‌هێنا بۆیه پێویستی به دڵێکی چێندراو هه‌بوو. به‌ڵام له جیاتی ئه‌وه‌ی دڵی خۆی ده‌ربهێنن و ئینجا دڵێکی تری بۆ بچێنن، پزیشکان هه‌ستان به چاندنی دڵێکی تر له ته‌نیش دڵه نه‌خۆشه‌که‌ی ئه‌و - ئه‌مه کاتێک که ئه‌و ته‌مه‌نی ته‌نها 2 ساڵان بوو. به گوێره‌ی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه دڵه چێندراوه‌که کارده‌کات و دڵه نه‌خۆشه‌که‌ش پشوو ده‌دات. به‌ڵام ئه‌مه ئاوا ئاسان نیه وه‌ک ئێمه باسی ده‌که‌ین. له کاتی چاندنی هه‌ر ئه‌ندامێکی بۆ له‌شی که‌سێک، سیسته‌می به‌رگری له‌شی که‌سه‌که هه‌ڵده‌ستێت به ناسینه‌وه‌ی ئه‌ندامه چێندراوه‌که وه‌ک ته‌نێکی بێگانه و له دژی ده‌جه‌نگێت، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی له‌شی که‌سێک ئه‌ندامێک چێندراو په‌سند بکات پێویسته سیسیته‌می به‌رگری که‌سه‌که دابمرکێندرێت به هۆی ده‌رمانه‌وه تاکو به‌رپه‌چی ئه‌ندامه چێندراوه‌که نه‌داته‌وه. جا ئه‌م ده‌رمانانه یارمه‌تی ئه‌و کچه‌ی دا بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌می به‌رگری له‌ش دڵه چێندراوه‌که په‌سند بکات به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش بارێکی نه‌خۆشی تر سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌ویش شێره‌په‌نجه بوو، بۆیه پێویستی به چاره‌سه‌ری کیمایی هه‌بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره کیمایه‌کان به چاکی کاربکه‌ن پێویست بوو بڕی ئه‌و ده‌رمانانه که‌م بکرێته‌وه که به‌کارده‌هێنداران بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی سیسیته‌می به‌رگری له‌ش، به‌مه‌ش له‌شی ئه‌م کچه ورده ورده هه‌ڵده‌ستا به جه‌نگان له دژی دڵه چێندراوه‌که‌ی، به‌ڕاستی ئه‌و کچه له بارێکی زۆر سه‌خت دابووه. له ساڵی مانگی فێبریوه‌ری 2006 پزیشکان هه‌ستان به ئه‌نجام دانی کارێک که پێشتر کاری له‌م جۆره نه‌کرابوو، ئه‌ویش به لابردنی دڵه چێندراوه‌که. پزیشکان لێکیان داوه که دڵه چێندراوه‌که بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ پشووی به‌خشیوه به دڵه نه‌خۆشه‌که، به‌مه‌ش دڵه نه‌خۆشه‌که چاک بووه‌ته‌وه و به‌هێز بووه. دوای لابردنی دڵه چێندراوه‌که پزیشکان به‌ڕاستی بۆیان ده‌رکه‌وت که دڵی کچه‌که به‌ته‌واوی چاک بۆته‌وه. ئێستا پزیشکانی شاره‌زا له نه‌خۆشیه‌کانی دڵ زۆر سه‌رسامن له‌باره‌ی ئه‌م ئه‌نجامه. |
پزیشک بۆ هه‌مووان www.pzishk.com مافی له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی پارێزراوه 2009©