بگه‌ڕێ له‌ سایتی پزیشک بۆ هه‌موان

          

v   بابه‌تی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مڕۆ

ده‌رمان وه‌رگرتن له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز و به‌ڕۆژووبوون

له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز، که‌ نۆیه‌مین مانگه‌ له‌ ڕۆژمێری "مانگی" ئیسلامی، به‌ڕۆژووبوون له‌سه‌ر موسوڵمانانی ته‌مه‌نی پێگه‌یشتوو پێویسته‌ ، واته‌ خۆ قه‌ده‌غه‌کردن له‌ خوارن و خواردنه‌وه‌ "ئه‌گه‌رچی ده‌رمانیش" و جووتبوونی جنسی و هه‌روه‌ها به‌ جێگه‌یاندنی لایه‌نی ڕووحی، له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژ تاکو خۆرئاوابوون. مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ده‌کرێت له‌ هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵدا ده‌ربکه‌وێت، هه‌روه‌ها کاتژمێره‌کانی به‌ڕۆژبوون له‌ وه‌رزێک بۆ یه‌کێکی تر جیاوازه‌ به‌ گشتی له‌ نێوان 11 بۆ 18 کاتژمێره‌. شێواز و کاته‌کانی خواردن له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان گۆڕانکاری تێدا ده‌کرێت، بۆ نموونه‌ له‌ ڕۆژانی ئاسایی خه‌ڵکی به‌ زۆری سێ ژه‌م له‌ ڕۆژێک نان ده‌خوات "به‌یانی و نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌" به‌ڵام له‌ مانگی به‌ڕۆژووبوون ئه‌م شێوازه‌ گۆڕانکاری به‌سه‌ردێت، گۆڕانکاریه‌که‌ له‌ ناوچه‌یه‌ک بۆ ناوچه‌یه‌کی تر جیاوازه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر باسی خۆمان بکه‌یه‌ن "له‌ کوردستان" له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ئێمه‌ ڕۆژانه‌ دوو ژه‌م نان ده‌خۆین، ژه‌مێک دوای "فتار" شکاندنی ڕۆژوو، ژه‌مێکی تریش له‌ پێش خۆرهه‌ڵاتن، که‌چی ئه‌گه‌ر باسی وڵاتێکی وه‌ک مه‌غریب بکه‌ین ئه‌م شێوازه جیاوازه‌، ئه‌وان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان و له‌ ڕۆژانی به‌ڕۆژووبوون سێ ژه‌م نان ده‌خۆن! ژه‌مێک دوای "فتار" شکاندنی ڕۆژوو، ژه‌مێکی تر دوای 3 کاتژمێر له‌ ڕۆژوو شکاندن، ژه‌می سێیه‌میش پێش خۆرهه‌ڵاتن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ وه‌رگرتنی ده‌رمان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان و له‌ کاتی به‌ڕۆژووبوون زۆر ئاسان نیه‌، هه‌روه‌ها گۆڕینی وه‌رگرتنی شێواز و چۆنیه‌تی و بڕی ده‌رمان پێویستی به‌ ئامۆژگاری پزیشکی هه‌یه‌. لێره‌ چه‌ند ئامۆژگاریه‌ک ده‌خرێته‌ ڕوو له‌باری چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی ده‌رمان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز و به‌ڕۆژووبوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ت له‌ یادبێت که‌سی نه‌خۆش پێویستی به‌ ئامۆژگاری  پزیشکی پسپۆڕی پیشه‌گیری نه‌خۆشی دیاریکراو هه‌یه‌.

 

ڕێگای وه‌رگرتنی ده‌رمان

گونجاندنی به‌ڕۆژووبوون له‌گه‌ڵ ڕێگای وه‌رگرتنی ‌ ده‌رمانی جۆراوجۆر و چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنیان له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر بڕیاری پزیشکی تابیه‌ت. بۆ ڕێکخستنی جیاوازی له‌ بۆچوون و ڕا  و ستانداردکرنی هه‌ڵبژاردنی ڕێگای وه‌رگرتنی ده‌رمان، سیمانارێكی دینی- پزیشکی به‌ ناوی "بۆچوونی ئیسلامی له‌سه‌ر چه‌ند باسێکی پزیشکی سه‌رده‌م" له‌ مه‌غریب به‌سترا له‌ مانگی 6 ساڵی 1997، یه‌کێک له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌کیه‌کان که‌ گفتوگۆ کرا بریتی بوو له‌و مادده‌ و کارانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ هۆی به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی ڕۆژوو. به‌ژداربووان بریتی بوون له‌ یاساوایانی ئیسلامی و شاره‌زایانی دینی و مه‌شقکارانی پزیشکی و ده‌رمانسازان و شاره‌زایان له‌ زانسته‌ مرۆیه‌کان – هه‌موویان ڕێک بوون به‌ کۆ که‌ ئه‌م ڕێگایانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی ده‌رمان نابێته‌ هۆی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ڕۆژوو؛

قه‌تره‌ "دلۆپی" چاو و گوێ.

هه‌موو ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌مژرێن بۆ ناو له‌ش له‌ڕێگای پێسته‌وه‌، وه‌ک کرێم و مه‌لحه‌م و پلاسته‌ری پزیشکی.

ده‌رمان خستن بۆ ناو کۆئه‌ندامی زاوزێی ئافره‌ت "تحامیل" و پاکه‌ره‌وه‌کان.

ده‌رزی بۆ ناو ماسولکه‌ و خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌ره‌کان و جومگه‌کان، جگه‌ له‌ خواردن به‌ڕێگای خوێنهێنه‌ر که‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ڕۆژوو.

ئۆکسجین و گازه‌ سڕکه‌ره‌کان.

حه‌بی نایترۆگلایسیرن که‌ حه‌بێك ده‌کخرێته‌ ژێر زمان بۆ چاره‌سه‌ری "ئاڵوکه‌وتن" ، "ذبحة صدریة ‌‌آو قلبیة".

پاکژکه‌ره‌وه‌کانی ناو ده‌م و غه‌رغه‌ره‌ و سپڕای دم، به‌ڵام نابێت هیچ قووت بدرێت.

 

جگه‌ له‌م ڕێگایانه‌ی سه‌ره‌وه‌، زۆرینه‌ "به‌ڵام هه‌موویان نا"ی به‌ژداربووان ئه‌م ڕێگایانی خواره‌وه‌شیان زیاد کرد له‌ وه‌رگرتنی ده‌رمان که‌ نابێته‌ هۆی به‌ته‌ڵاکرندنه‌وه‌ی ڕۆژوو؛

قه‌تره‌ "دڵۆپ" ی لووت، سپڕای لووت، و هه‌ڵمژرێوه‌رکان.

ده‌رزی له‌ ده‌رچه‌ی کۆم.

نه‌شته‌رگه‌ری که‌ پێویستی به‌ سڕکردنی گشتی "بنج عام" کرد و نه‌خۆشه‌که‌ش ویستی هه‌ر به‌ڕۆژووبێت.

 

به‌رنامه‌کردن یاخود خشته‌کردن یاخود چه‌ندجاره‌ی وه‌رگرتنی  ژه‌مه‌ ده‌رمان "جرعة"

بۆ که‌سێکی نه‌خۆش که‌ له‌مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژووببێت خشته‌ی وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمان پێویسته‌ بگۆڕدرێت. له‌ ڕاستیدا له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان  ژه‌مه‌ ده‌رمان ته‌نها له‌کاتی نێوان خۆرئاوابوون بۆ خۆڕهه‌ڵاتن ده‌تواندرێت وه‌ربگیردرێت، ئه‌م ماوه‌یه‌ش که‌متره‌ له‌ ماوه‌ی به‌ڕۆژووبوون " له‌ کاتی نێوان خۆرهه‌ڵاتن بۆ خۆرئاوابوون". بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریه‌کی تاڕاده‌یه‌ک باشی هه‌بێت، به‌ گشتی ژه‌مه‌ ده‌رمان به‌ دوو شێواز وه‌رده‌گیردرێن له‌ کاتی به‌ڕۆژووبوون، که‌ بریتین له‌  شێوازی یه‌ک جار له‌ ڕۆژێک یاخود دوو جار له‌ ڕۆژێک.

 

یه‌که‌م/  وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمان یه‌ک جار له‌ ڕۆژێکدا

ئه‌م ڕێگایه‌ بۆ ئه‌و که‌سانی که‌ له‌ ڕۆژانی ئاسایی کاتی وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمانه‌کانیان له‌ کاتی ئێواره‌یه‌ زۆر باشه‌‌، پێویست ناکات کاتی وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمانه‌که‌یان بگۆڕن له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان.

به‌ڵام بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی ژه‌مه‌ ده‌رمانه‌کانی له‌ ڕۆژانی ئاسایی له‌ به‌یانیانه‌ یاخود له‌ ناوه‌ڕاستی ڕۆژدایه‌، پێویستیان به‌ سه‌ردانی پزیشکی پسپۆڕی پیشه‌گیری تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ ڕاوێژی و هه‌ڵبژاردنی چۆنیه‌تی وه‌رگرترنی ده‌رمان بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریه‌کی باشی هه‌بێت.

 

دووه‌م/ وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمان دووجار له‌ ڕۆژێکدا

له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان، دابه‌شکردنی ووردی وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمانه‌کان که‌ نووسراوه‌ وه‌ربگیردرێت دوو جار له‌ ڕۆژێکدا سه‌خته‌  بتواندرێت به‌ته‌واوی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌ندرێت له‌ نێوان کاتی شکاندنی ڕۆژوو "فتار" و ده‌ستپێکردن به‌ به‌ڕۆژووبوون "پاشێو" له‌ ڕۆژی دواتر. بۆیه‌ به‌ڕۆژوونه‌بوون به‌ گوێره‌ی یاسایی ئیسلامی له‌وانه‌یه‌ کارێکی ژیرانه‌تربێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ده‌کرێت یه‌که‌م ژه‌مه‌ ده‌رمان له‌ کاتی ڕۆژوو شکاندن وه‌ربگیردرێت "فتار" و ژه‌مه‌ ده‌رمانی دووه‌میش له‌ کاتی ده‌رستپێکردنی ڕۆژوو "پاشێو" وه‌ربگیردرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانکاری له‌ کاتی وه‌رگرتنی ژه‌مه‌ ده‌رمان و که‌م بوونه‌وه‌ی ماوه‌ی نێوان ژه‌مه‌ ده‌رمانه‌کان. ئه‌م گۆڕانکاریه‌ ده‌کرێت کاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر چڕی و بری ده‌رمانه‌که‌ له‌ناو خوێن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر کاریگه‌ری و توانایی ده‌رمانه‌که‌ش. جگه‌ له‌مانه‌ش له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ژه‌هراوی بوون "هه‌ندێک جۆری ده‌رمان"، بۆیه‌ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕی پیشه‌گیر له‌ نه‌خۆشی دیارکراو، پێویسته‌.

 

     

      

ڕێبه‌ری ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی کوردستان

پزیشک بۆ هه‌مووان www.pzishk.com  مافی له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی پارێزراوه‌ 2009©

Make a Free Website with Yola.